بیرۆکەی مۆڵەت پێدانی ناچاری بۆ بەکارهێنانی نهێنییە بازرگانییەکاندا (لێکۆلینەوەیەکی شیکاری بەراوردکارییە)
Abstract
ئەم توێژینەوەیە تێشک دەخاتە سەر بیرۆکەی مۆڵەت پێدانی ناچاری بۆ بەکارهێنانی نهێنییە بازرگانییەکان. مۆڵەت پێدانی ناچاری مەبەست لێی بەکارهێنانی مافی هزری کەسێکە لە لایەن کەسێکی تر بەبێ رەزامەندی خاوەنەکەی بەرامبەر قەرەبوویەکی دادپەروەرانە بۆ خاوەنەکەی، بابەتی مۆڵەت پێدانی ناچاری یەکێکە لەو ریزپەر و نەرمیانەی کەوا ماددەی (٣١) لە ڕێکەوتننامەی تریپس لەژێر ناونیشانی )بەکارهێنانی تر بەبێ گەیشتن بە ڕەزامەندی خاوەنەکەی( باسی لێوەکردووە و ماددەی (27) لە یاسای دەستاوێژی داهێنان و نمونەی پیشەسازی و زانیاری ئاشکرانەکراوی عێراقی ڕێگایانداوە بە دەرکردنی لە دەستاوێژی داهێنان لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراو و بە ڕێکار و مەرجی دیاریکراو، بە پێچەوانەوە لە ڕێکەوتننامەی تریپس هیچ حاڵەتێکی یەکسان و هاوشێوە لە بواری نهێنییە بازرگانییەکان بوونی نییە بە ڕێگەپێدان یاخود ڕێگەپێنەدان بە دەرکردنی، بەڵکو ڕێکەوتننامەکە بێدەنگ بووە وە هیچ دەقێکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی نەکردووە لەبارەیەوە ئەمەش زیاتر ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە کە بەجێی هێشتبێت بۆ یاسا نیشتیمانییەکان. بابەتی مۆڵەت پێدانی ناچاری لە چوارچێوەی نهێنییە بازرگانییەکان لەدوای سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید-١٩ لە نێوان زانایان گفتوگۆی لەبارەوەکرا ئەوەش بەهۆکاری هەبوونی پێویستی زۆر بۆ پاراستنی خەڵک وە پێنەدانی زانیاریەکان بە یەکتری لە لایەن کۆمپانیاکان وە لە نەبوونی میکانزمێک لە پێناو ناچارکردنیان بە پێدانی زانیارییەکان بە مەبەستی تەواوکردنی ئەو هەوڵە زانستیانەی کەنرابوون لەپێناو گەشتن بە پێکوتە دژی پەتای کۆڤید-١٩ و رزگارکردنی مرۆڤایەتی و هێنانەدی بەرژەوەندی گشتی، بۆیە لەم توێژینەوەیەدا باس لە بیرۆکەی مۆڵەت پێدانی ناچاری لە چوارچێوەی نهێنییە بازرگانییەکان دەکەین بە بەکارهێنانی میتۆدێکی شیکاری بەراوردکاری. توێژینەوەکە دەریدەخات کە هیچ ڕێگریەک نییە لە ڕێکەوتننامەکانی بواری خاوەنداریەتی هزری بۆ ڕێکخستنی ئەو بابەتە لە یاسا ناوخۆییەکان. هەروەها توێژینەکە گەیشت بەو دەرەنجامەی کە ئەوبابەتە پێویستە ڕێکخستنی یاسای تایبەتی بۆبکرێت کە گونجاوبێت لەگەڵ سروشتی نهێنییە بازرگانییەکان، بەوپێیەی ئەوبابەتە لە یاسای هیچ وڵاتێک ڕێکنەخراوە تەنیا ئەوە نەبێت کە دەکرێت لەو وڵاتانەی سیستەمی یاسای گشتین لە ڕێی حوکمی دادگایی ڕێگە بەو بابەتە بدەن، بۆ نموونە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە حاڵەتکانی کێبڕکێی ناڕەوا و دەستاوێژی داهێنانی پاشکۆیی لە ڕێی حوکمی دادگاییەوە مۆڵەت پێدانی ناچاری ڕێگەی پێدراوە.