بەرپرسیاریەتی وڵاتی تورکیا لە دروست کردنی بەنداوەکان لەسەر رووبارە هاوبەشەکان لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی
Keywords:
ڕووبارە نێودەوڵەتیەکان، پڕۆژەی GAP، پڕۆژەی DAP، بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی و کێشەی نێودەوڵەتیAbstract
دروستکردنی بەنداو لەسەر ڕووبارە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، کە جگە لە سوود گەیاندن بە وڵاتانی سەرووی ڕووبارەکان، زیانی بێ وێنەی بۆ وڵاتانی خوارووی ئەم ڕووبارانە هەیە. بەو پێیەی تورکیا هاوردەکاری وزەیە لە وڵاتانی دیکە و بەدوای کارتێک دەگەرێت بۆ پاڵەپەستۆ خستنەسەر وڵاتانی دراوسێ کە بەرهەم هێنەری نەوت و غازن، بۆ وەرگرتنی نەوت و غازی هەرزان و جێگیر، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بە پلانێکی تۆکمە ژمارەیەکی زور بەنداوی بە قەبارەی زور گەورە دروست کردووە، بەنداوی ئەتاتورک کە توانای گلدانەوەی (48) ملیار مەتر سێجا ئاو و بەنداوی (ئیلیسو) کە توانای گلدانەوەی(١٠)ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بە گەورەترین بەنداوەکانی پڕۆژەی GAP لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات هەژمار دەکرێن، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی (٦٠٪)ی سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتانی سوریا و عێراق کە هۆکارێکن بۆ سەرهەڵدانی دیاردەی بە بیابانبوون و خوڵبارین و وردیلەکانی ناو هەوا و زیانی زۆری لە بواری ژینگەیی و ئابووری و کۆمەلایەتی بەم وڵاتانە گەیاندووە، هەروەها هەوڵی بنیاتنانی پڕۆژەی DAPی داوە لە سەر ڕووباری ئاراس کە بەنداوەکانی (قەرەکورت، توزلۆجە و سۆیلە) لەخۆ دەگرێت و دەبێتە هۆی وشک بوونی ڕووباری ئاراس و لەناوچوونی ژینگە و کشتوکاڵی باکووری ڕۆژئاوای ئیران. ئامانج لەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە کاریگەری ئەم پرۆژانە لە سەر وڵاتانی خوارووی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و ئاراس بخەینەڕوو، هەروەها پێشێلکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن وڵاتی تورکیا بە گوێرەی یاسای نێودەولەتی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان و بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی ئەم وڵاتە لەمبارەیەوە بسەلمێنین و میکانیزمەکانی ڕێگریکردن و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی وڵاتانی خوارووی ئەم رووبارانە ڕوون بکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش مێتۆدی شێکاریمان بەکار هێناوە.